ژمارەیەک دوکاندار بەهۆی گرانکردنی قوماشی ماکسی ئافرەتان ئاگادار کرانەوە
چەند کۆتاڵ فرۆشێک لە رانیە زیادبوونی خواستیان لەسەر هەندێک قوماشیان قۆستووەتەوە و نرخەکانیان زیاد کردووە
بەهۆی گرانکردنی قوماشی ماکسی ئافرەتان لە قەزای ڕانیە ژمارەیەک دوکاندار، لەلایەن لێژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەت ئاگادار کرانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە قائمقامیەتی قەزای ڕانیە بڵاویکردەوە، لێژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەتی قەزای ڕانیە لەسەر سکاڵای چەند هاووڵاتییەک سەردانی چەند دوکانێکی فرۆشتنی جل و بەرگیان لەنێو بازاری ڕانیە بەمەبەستی بەدواداچوون کرد.
قائمقامیەتی قەزای ڕانیە ڕوونیکردەوە، فرۆشیارەکان بۆهەر پارچە قوماشێک دووقات و سێ ئەوەندەی نرخی خۆی نرخ زیاد دەکەن، کاتێک خواست لەسەر بابەتێک زیاد دەبێت بەهۆی کاری ڕیکلام ئەمە بە دەرفەت دەزانن بۆ گران فرۆشی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی قائمقامیەتی قەزای ڕانیە، بۆ ئەم مەبەستە قوماش فرۆشی (شەماڵ، سۆران، تاج، سید محەممەد و شاخەوان) ئاگادارکرانەوە پابەندی ڕێنماییەکان بن بە پێچەوانەوە لە ئەگەری دووبارەبوونەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.