عێراق کارتی زانیاری و نیشتمانی یەکدەخات
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کارتی زانیاری و نیشتمانیی عێراق یەکدەخرێت
محەممەد شیاع سوودانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە تایبەت بوو بە پڕۆژەی یەکخستنی کارتی نیشتمانی و زانیاریی هاووڵاتییان لە عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی پڕۆژەی یەکخستنی کارتی زانیاری و نیشتمانییەوە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد و لە میانی کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ڕاسپاردەکانی پڕۆژەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکەوە تاوتوێ کرا، لەوانە؛ پەسەندکردنی سیستەمی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو وەک سیستەمی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان و زیادکردنی زانیارییەکانی کارتی نیشتەجێبوون، ئەمەش بەمەبەستی یەکخستنی هەردوو کارتی زانیاری و نیشتمانی، کە بەم کارە چیتر هاووڵاتییان دوو کارتی جیا هەڵناگرن و زانیارییە کەسییەکانیش لە یەک کارتدا تۆمار دەکرێن.
هەر لەمبارەیەوە سوودانی لیژنەی پەیوەندیداری ڕاسپاردووە، تاوەکو پەلە لە تەواوکردنی پڕۆژەکە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو بەڵگەنامانەی لە فەرمانگە حکوومییەکان پێویستن.