ڕاوەستان بەناوی هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە سەر شەقامە گشتییەكان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراو نییە
دوابەدوای ڕاگەیاندنی کەمپین و هاوکاریکردنی زیان لێکەتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، وەستان لەسەر شەقامە گشتییەکان قەدەغە کرا
دوابەدوای ڕاگەیاندنی کەمپین و هاوکاریکردنی زیان لێکەتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، وەستان لەسەر شەقامە گشتییەکان قەدەغە کرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە، دوای دروستبوونی لافاو لە قەزای چەمچەماڵ، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەداخەوە جگە لە زیانێکی زۆری ماددی چەند كەسێكیش گیانیان لەدەستدا، بە سوپاسەوە وەك هەمیشە شاری هەولێر و خەڵكەكەی بۆ هاوخەمی و گەیاندنی هاوکاری و كۆمەك کۆكردنەوە بۆ زیانلێکەوتووان ژمارە یەك بوون و چەندین كەمپینی جۆراوجۆ لەلایەن ڕێكخراوە مرۆییەكان و خێرخوازان و خوداپێداوان و ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش ڕاگەیندرا، ئەوەش ماییەی پێزانینە.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر باس لەوەدەکات، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، كەسانێك لێرە و لەوێ بەناوی كەمپین و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە سەر شەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن و قەرەباڵغیەکی زۆر دروست دەکەن، هەموو لایەك ئاگاداردەكەنەوە ئەو شێوازە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراونییە، هەركەسێك ئەو جۆرە كارە ئەنجامبدات، هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو جۆرە كەمپینانە نەكەن، کە دڵنیانین لە گەیاندن و گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، هەركەسایەتی و لایەنێك و شوێنێك دەیەوێت كەمپین ڕابگەینێ لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داواكاری خۆی پێشكەش دەكات و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری دەكرێت، نەك بەناوی كۆمەك و هاوكاری زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان شەقامی گشتیی و ڕێگای هاتووچۆی هاووڵاتییان دابخەن.