فەرمانبەرانی گرێبەست دەبنە خاوەنی زەوی
هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی فەرمانبەرانی گرێبەست سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی
هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی فەرمانبەرانی گرێبەست سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێنمایی نوێ بۆ بڕیارەکە دەردەچێت.
ئەمڕۆ شەممە سەربەست مەولوود، بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بڕیار دەرچووە کە هاوشێوەی فەرانبەرانی هەمیشەیی فەرمانبەرانی گرێبەست زەوی وەربگرن.
بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای دەکات، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست مەرجە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت.
سەربەست مەولوود باس لەوەدەکات، چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەدا ڕێنمایی بۆ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەربچێت و دوای ڕێکارییەکان بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە 27ـی ئاداری 2024 بڕیاریدا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە سوودمەند نەبوون، دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندییە.