شارەزای کەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی باران بەڕێوەیە و ئەگەری لافاوی نییە
شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ڕوو دەکاتە ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان
شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ڕوو دەکاتە ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان، شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات، کاریگەری ئەم شەپۆلە مامناوەند دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی بە پایتەخت میدیای راگەیاند، سبەی هەینی کاریگەری شەپۆلەکە لاوازە و تەنیا لە پارێزگای دهۆک باران دەبارێت، لە ڕۆژانی شەمممە و یەکشەممە شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند ڕوو دەکاتە هەولێر، سلێمانی و گەرمیان.
سیروان ساڵح باس لەوەدەکات، لەم شەپۆلە نوێیەدا ئەگەری لافاو نییە و بەڵکو بەشێوەی نمە بارانی زستانە دەبارێت، هاوکات ئەگەری بەفربارین لە چیا بەرزەکان هەیە.
لە ماوەی 3 ڕۆژی ڕابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ڕوویکردە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک لە قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی شۆڕش، شارۆچکەی تەکیە، کەلار، گەڕەکی ڕەحیماوا و گەڕەکی شۆراوە لە کەرکووک لافاو دروستبوو و بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی 5 هاووڵاتیی.