سوودانی بڕیاری پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی کوردستانی دا
سوودانی وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بۆ تەرخانکردنی پارەی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکانی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی.
هاوکات وەزارەتی داراییشی ڕاسپارد بۆ تەرخانکردنی پارەی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمەش دوابەدوای ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا کە بووە هۆی شەپۆلێکی لافاوی بەهێز.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروستبوونی لافاو زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە؛ بەتایبەتی لە ناحیە و گوندەکانی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، کە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.