سەرەڕای ئاگربەست ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر شوێنەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان
ئیسرائیل ئاگربەستی لەگەڵ لوبنان شکاند و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر وڵاتەکە دەستپێکرد.
ئەمڕۆ سێ شەممە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دۆڵێکیان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج کە شارۆچکەکانی عەزی و ڕومانی لێیە جگە لە شارۆچکەی جعبع و ناوچەکانی زێفتا و جەبەل سافی، لە ئەنجامدا ژمارەیەک خانوو زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی ڕانەگەیەندراوە.
سوپای ئیسرائیل لەلای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، ژێرخان و بنکەکانی مەشقی هێزی ڕەزوانی سەر بە حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج لە ناوچەکە، وە جەختی کردەوە کە ئەم چالاکی و مەشقانە لەیەکتێگەیشتنی نێوان و ئیسرائیل و لوبنانی پێشێل کردووە و بووبووە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاریی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کردووە لە هەڕەشەی سەربازییەوە بۆ سەر غەززە و لوبنان بگۆڕێت بۆ ڕێوشوێنی دیپلۆماسی، وادەی دیپلۆماسییەکەش بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا لە کۆتایی کانوونی یەکەمدا کۆتایی دێت.
ئاگربەستی نێوان ئسیرائیل و لوبنان سەرەتا لە 27-11-2024 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بە گوێرەی ئاگربەستەکە سوپای ئیسرائیل دەبووایە لە باشووری لوبنان بکشابایەوە بەڵام تەنیا بەشێکی لە هێزەکانی کشاندووەتەوە و تا ئێستا لە پێنج سنووری لوبنان هێزەکانیان بوونیان هەیە.