پۆلیسی هەولێر: بەهۆی کەمتەرخەمی شۆفێری پیکابێک 2 سکیوریتی گیانیان لەدەستداوە
پۆلیسی هەولێر لەسەر ڕووداوێکی هاتووچۆ کە گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتیی لێکەوتووە ڕوونکردنەوە دەدات
دوابەدوای گیان لەدەستدانی 2 کەس لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لەسەر شەقامی 40 مەتری، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر کەمتەرخەمی شۆفێرێکی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 4ـی 12ـی 2025، لە بوونی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی 40 مەتری لە بەردەم شوقەکانی (بولیڤارد) ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا- پیکاب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (5427/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەکەی بەناوی (م. ٲ. م) ماددەی کحولی بەکارهێنابوو و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەکەی بە ناوی (ھەژان هیوا عومەر) لە بەردەم شوقەکاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دوو کارمەندی سکیوریتی کردووە بە مەبەستی چوونەژوورەوە.
پۆلیسی هەولێر خەخت لەوەدەکاتەوە، لە ئەنجامدا هەردوو کارمەندی سکیوریتی بە ناوەکانی (محەممەد سەردار موحسین) و (ئەحمەد محەممەد شەریف) بەهۆی پێکدادانەکەوە گیان لەدەست دەدەن و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەکەوێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، بەپێی هێڵکاری هاتووچۆی هەولێر شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیکاب) کەمتەرخەم بووە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری (پیکاب) بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە 24ـی هاتوەوچۆ ڕاگیراوە.