پایتەخت

پێویستە بە هەموو لایەکەوە هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکانی هەرێم و تورکیا بدەین

پێویستە بە هەموو لایەکەوە هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکانی هەرێم و تورکیا بدەین
کورتە

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە، پێویستە هەموو لایەک بە هاوکاریی یەکتر هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەن

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ دەڵێت: "پێویستە هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین".

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت و خەڵکی ناوچەکە کرا. 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەدەکات، دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، ئەوەی گرنگە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە. 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ئاشتی هەنگاوێکی دروستە و پرسێکی هەستیارە، دەستخۆشی لە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەن کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە، پێویستە هەموو لایەک بە هاوکاریی یەکتر هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەن و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

*ڕوونکردنەوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ*

سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە. 
بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە. 
ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە. 
پرۆسەی ئاشتیش هەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار و دەستخۆشی لە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی وسەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
بە پێویستی دەزانین هەموو لایەکمان بە هاوکاریی یەکتر ، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەین.

حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4

04 کانونی یەکەم 2025 22:34
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026