هیچ بڕیارێک نەدراوە پارەی مۆلیدە لە هاووڵاتییان وەربگیرێت
بەشێوەیەکی گشتی گرێبەستی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە
لەساتەوەختی کوژانەوەی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 8 کاتژمێر مۆلیدە ئەهلییەکانی شاری سلێمانی کارەبایان بۆ هاووڵاتییان دابین کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی گرێبەستی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە، لە کاتی کوژانەوە کارەبا لە پارێزگای سلێمانی تەنیا یەک شەو بۆ ماوەی 8 کاتژمێر لەسەر داوای هاووڵاتییان مۆلیدە ئەهلیەکان پێکرایەوە.
لەسەر وەرگرتنی پارەی ئەو 8 کاتژمێرەی پێکردنی مۆلیدەکان عوسمان محەممەد جەخت لەوەدەکاتەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە ئەو پارەیە لە حکومەت یاخود هاووڵاتییان وەربگرێتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گووتی: "بڕواناکەم هیچ خاوەن مۆلیدەیەک ئەم بڕە پارە کەمە لە هاووڵاتییان وەربگرێتەوە".
لە ڕۆژی چوارشەممە 26ـی 11ـی 2025، بەدرۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەم هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان وەستا.