گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کورد و ئەمریکی، گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە
گەورەترین باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە گەورەترین باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمریکا کرایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تێچووی دروستکردنی باڵەخانەی نوێیەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر 796.1 ملیۆن دۆلارە بووە، لەسەر ڕووبەری 206 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، زۆر سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی.
بەردی بناغەی پڕۆژەی باڵەخانە نوێیەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە 6ـی تەممووزی 2018 دانراوە، ئەم باڵەخانە نوێیە توانای لەخۆگرتنی 1000 کەسی هەیە.