فۆرمی دامەزراندن لە عێراق بێ پشکنینی مادەی هۆشبەر فەرامۆش دەکرێت
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە گشتاندنێکدا جەخت لە پشکنینی ماددەی هۆشبەر دەکەنەوە، ئەگینا فۆرمی دامەزراندن فەرامۆش دەکەن
عێراق پشکنینی ماددەی هۆشبەر دەکاتە زۆرە ملێ بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت دابمەزرێن.
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە گشتاندنێکدا جەخت دەکاتەوە، بەگوێرەی مادەی (7/3)ـی یاسای ژمارە 24ـی ساڵی 1960ـی هەموارکراوی خزمەتی شارستانی کە هیچ کەس بۆ یەکەمجار لە دامەزراوە حکومییەکاندا دانامەزرێ، ئەگەر لە پشکنینی پزیشکی دەرنەچووبێت و لەو نەخۆشی و نیڤشکییە جەستەیی و دۆخە دەروونییانە بەدەر نەبێت کە رێگری لێدەکەن لە ئەنجامدانی ئەو کارەی بۆی دادەمەزرێ.
ئەم گشتاندنەی ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاڕاستەی وەزارەتەکان، لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و پارێزگاکانی کراوە، جەخت دەکاتەوە کە پێویستە لە کاتی پێشکەشکردنی فۆرمی دامەزراندندا داواکار بەڵگەیەک پێشکەش بکات کە بیسەلمێنێت "مادەی هۆشبەر بەکارناهێنێت"، ئەگەرنا فۆرمەکەی فەرامۆش دەکرێ.
هاوکات بەگوێرەی مادەی (32)ـی یاسای ژمارە (50)ـی ساڵی 2017 تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان، هەرکەسێک مادەی هۆشبەر بەکاربهێنێت، سزا دەدرێ بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردنێک کە لە 5 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.