كێ وزه له فیتنه وهردهگرێ؟
کورتە
هاووڵاتی ئازادە داوای هەموو مافێکی خۆی بکات و هەر جۆرە گردبوونەوەیەک بکرێ دەبێ بە رێگای ئوسوڵی بێت. چەک هەڵگرتن لە ناو گردبوونەوە و خۆپیشاندان بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ سزایەکی توندی لەسەرە. ئینجا ئەی ئەگەر بێی و هەڕەشەی تەقاندنەوەی ژێرخانی وزەی کوردستان بکەیت؟ بێگومان سزاکەی زۆر توندە و یاسا رۆڵی خۆی دەگێڕێ.
وتار: هێمن میرانی، بهرێوهبهری گشتی دیوان له وهزارهتی ناوخۆ
ئێمە لە دەرهێنانی فتیلی ئاژاوە و فیتنە شارەزاین و ناچینە سەنگەر لەگەڵ میللەتی خۆمان، بۆیە شوکر دەرهێنەرەکانی پشتی درامای فیتنە و ئاژاوە دەست بەتاڵ لێی هاتنە دەرەوە.
هێزی پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و ژێرخانی ئەو نیشتیمانەیە. بێگومان رێگا نەدەین لە ژێر هیچ دروشم و ناوێک ئاژاوە دروست بکرێ و ئارامی خەڵک و ئاسایشی بازاڕ و کاریان و ژێرخانی وزەی کوردستان بخرێتە بەر مەترسی. هێز دەنێرین دەستیان بگرین زیان لە خۆیان و ژێرخانی ئەو وڵاتە نەدەن کە بە خوێن و فرمێسک ی هەمووان دروست بووە.
هاووڵاتی ئازادە داوای هەموو مافێکی خۆی بکات و هەر جۆرە گردبوونەوەیەک بکرێ دەبێ بە رێگای ئوسوڵی بێت. چەک هەڵگرتن لە ناو گردبوونەوە و خۆپیشاندان بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ سزایەکی توندی لەسەرە و دەقەکەی لە خوارەوە دادەنێم. ئینجا ئەی ئەگەر بێی و هەڕەشەی تەقاندنەوەی ژێرخانی وزەی کوردستان بکەیت؟ بێگومان سزاکەی زۆر توندە و یاسا رۆڵی خۆی دەگێڕێ.
ئەی ئەگەر پەلاماری دائیرەکانی حکومەت بدەیت و کارتی نیشتیمانی و دائیرەی هاتوچۆ لە قەزای خەبات بسوتێنی کە دۆسیەی دایک و باوک و خوشک و براکانی خۆت و اوراقی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شوفێری خۆت و کەسوکارت لەوێ بێت! ئەوەی گێرەشێوێن و ئاژاوەگێرەکان لە خەبات کردیان و ئەو دائیرانە و اوراقەکانیان سوتاندن، ئایا خوشک و برایانی هەرکی خەبات قەبوڵی دەکەن؟ بێگومان نەخێر.
بە حیکمەت و دانایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی ئاژاوە و فیتنەیەکی گەورەی کرد کە بە داخەوە هاووڵاتیەکی بێ گوناح لە نزیک لاجان شەهید کرا و ئەو دائیرانەش لە خەبات سوتێندران کە زیانی گەورەی بە هاووڵاتیانی قەزای خەبات و ناحیەی کەورگۆسک و ناحیەی تۆبزاوە گەیاند و لەمەولا کێشە بۆ کارتی نیشتیمانی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، فۆرمی خۆراک، اوراقی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو سنوورە دروست دەبێت. کێ لەو ئاژاوەیە قازانجی کرد؟
نابێ رۆڵی خراپ و فیتنەیی هەندێ کەناڵی میدیایی لە بیر بکەین کە بەو شێوازە لە گواستنەوەی خەبەر و کۆمێنتاری، رووی راستەقینەی خۆیان دەرخست و لەمەولا بەو رووە راستەقینەیەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.