سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق دووبارە خۆی کاندید دەکاتەوە
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکاتەوە
دوای ئەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی لەکارلادرا و دووبارە دەیەوێت خۆی کاندید بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە عەمار عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە، ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای دیدێکی ستراتیژی و ڕێککەوتن دەبێت، لە پێناو دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی گونجاو و بەشداریی کاریگەر لە کارە لە پێشینەکانی پەرلەمان.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سیادە باس لەوەدەکات، بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان، هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ کاندیدەکان ئەنجام دەدرێت، چونکە هەبوونی زیاتر لە یەک کاندید پرۆسەکە دوور و درێژتر دەکاتەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانمان ئەم هەنگاوە یەکێک دەبێت لە گرنگترین بژاردەکانیان.
بەگووتەی عەمار عەزاوی، ئەو ناوانەی کە لەناو هاوپەیمانێتیەکەدا کاندید کراون بریتین لە (محەممەد حەلبووسی، سابت عەباسی، سالم عیساوی، مەحمود قەیسی، محەممەد تەمیم و موسەننا سەمەڕائی).
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سیادە ڕوونیکردەوە، هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی و ورد باسی ئەو ناوانە نەکراوە، هاوکات لەوانەیە ڕێککەوتن لەسەر ناوێک لە دەرەوەی ئەم کاندیدانەشدا بکرێت.