بڕیاری زیادکردنی کرێی وانەبێژی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی لە پاڵپشتیکردنی وانەبێژان، کرێی وانەبێژییان بۆ زیاد دەکرێت.
بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرێی وانەبێژی مامۆستایان زیادکرا، لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ مامۆستایان بە باشی دەزانێت و لەم هەفتەیەوە نووسراوی فەرمی بۆ گشت پەروەردەکان ڕەوانە دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەلی ڕەئوف باس لەوەدەکات، ئەم بڕیارە داواکاری مامۆستایان نەبووە بەڵکو حکومەت خۆی بڕیارەکەی دەکردووە داواش دەکات، لەگەڵ ئەم بڕیارە گرنگە مامۆستایانی لەکارلادراوی وانەبێژ بخرێنەوە سەرکارەکانیان.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا، بە زیادکردنی کرێی وانەبێژیی لە 2 هەزار دینارەوە بۆ 4 هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک.