پایتەخت

نەتوانراوە بکەرانی هێرشەکەی کۆرمۆر دەستنیشان بکرێت

نەتوانراوە بکەرانی هێرشەکەی کۆرمۆر دەستنیشان بکرێت
کورتە

لێژنەی لێکۆڵینەوەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ چەند دەرئەنجامێکی نوێیان ئاشکرا کرد

بەگوێرەی ئەنجامی ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی کۆرمۆر پێکهێندرابوو، نەتوانراوە بکەرانی هێرشەکە دەستنیشان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقی بڵاویکردەوە، لێژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە تێوەگلاون لە هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی کێ لە پشت هێرشەکەوە بووە، تەنها دەزانن کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەكە ئەنجامدراوە.

هەر بە گوێرەی ئەم سەرچاوەیە، دوو درۆنەکە لە دووز خورماتووەوە هەڵدراون و لەسەر سنووری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، کە چەند گروپێكی چەکدار تیایدا چالاکن، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان نەیانتوانیوە رێڕەوی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دیاری بکەن.

لە ئێستادا راپۆرتی کۆتایی لێژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە و ئەو رێوشوێنانەی دواتر دەگیرێنەبەر.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە شەوی 26-11-2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە بەشێکی کێڵگەکە گڕی گرت و کۆگایەکیش بە تەواوی سووتا، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بوویەوە.

01 کانونی یەکەم 2025 10:34
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025