بە بڕیاری مەسرور بارزانی فەرمانبەرانی گرێبەست زەوی وەردەگرن
ئەمجارە هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و خانەنشینان، زەوی بە سەر فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە پێناو بەرژەوەندی فەرمانبەرانی گرێبەست و یەکسانی لەنێوان سەرجەم فەرمانبەران بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.
لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە واژووی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەسەرەوەیە، ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار کراوە تیاییدا هاتووە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەرانی گرێبەست لە دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە ماوەی خزمەتی کردەییان لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت.
بەگوێرەی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارەکە بە هەمان مەرج و ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییە گشتییەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، نووسراوەکە فەرمییە ئەو فەرمانبەرانەی گرێبستن مافیان هەیە بەهەمان میکانیزمی فەرمانبەرانی میلاک زەوی وەربگرن.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، بڕیارەکە بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە خزمەتیان 8 ساڵە، ئەو هاوسەرانەی بەیەکەوە فەرمانبەری گرێبەستن خزمەتیان بەیەکەوە بگاتە 8 ساڵ زەوی وەردەگرن.