پایتەخت

هێزی کۆماندۆی بافڵ تاڵەبانی هەڵدەوەشێتەوە

هێزی کۆماندۆی بافڵ تاڵەبانی هەڵدەوەشێتەوە
کورتە

لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و تێکەڵکردنی هێزەکانی 70 و 80، هێزەکانی کۆماندۆش هەڵدەوەشێتەوە

ئەو هێزەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بەردەوام بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانی بەکاری دەهێنا، هەڵدەوەشێتەوە و چیتر سەرۆکی یەکێتی ناتوانێت فەرمانیان پێ بکات.

هێزەکانی کۆماندۆ، ئەو هێزەی بافڵ تاڵەبانی بوو کە لە رووداوەکانی لالەزار و هەشتی تەمووز و داخستنی دەزگای گەلاوێژ و کەناڵی زووم و چەندین رووداوی دیکە دەستێکی باڵای هەبوو، لە ماوەیەکی نزیکدا بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە و چیتر لە سلێمانی هێزێک بەو ناوە نامێنێت.

بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و تێکەڵکردنی هێزەکانی 70 و 80، هێزەکانی کۆماندۆش هەڵدەوەشێتەوە و تێکەڵ بە پێشمەرگە دەکرێت.

دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە، هەر لە ئێستاوە کێشە کەوتووەتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و بنەماڵەی کۆسرەت رەسوول عەلی، چونکە هێزەکانی هەردوو لایان دەیانەوێت فەرماندەکانی نزیک لە خۆیان بەرپرسیاریەتی وەربگرن و بۆ ئەمەش، کوڕەکانی کۆسرەت رەسوول عەلی لە دژی بافڵ تاڵەبانی وەستاونەتەوە و ئامادەنین دەستبەرداری پۆستە سەربازییەکانیان بن.

هێزەکانی کۆماندۆ، هێزێکی پڕ چەکی تایبەت بوو، کە لە ژێر فەرمانی راستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی جووڵەی دەکرد و لە ماوەی ڕابردوو، دەیان کەس لە سلێمانی، بەهۆی ئاژاوەکانی سەربازەکانی کوژراون و بریندار کراون.

29 تشرینی دووەم 2025 13:09
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026