شوێنی هەڵدانی ئەو مووشەکەی کۆرمۆری کردە ئامانج ئاشکرا کرا
شوێن و جۆری ئەو مووشەکەی کێڵگەی کۆرمۆری کردە ئامانج ئاشکرا دەکرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی، شوێن و جۆری ئەو مووشەکەی شەوی ڕابردبوو کێڵگەی کۆرمۆری کردە ئامانج ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو پەلامارە سەلمێنەری نەبوونی کۆنترۆڵی حکومەتە بەسەر گروپە چەکدارەکاندا، بەڵام هاوکات دەرفەتێکی زێڕینـیشە لەبەردەم محەممەد شیاع سوودانی تاوەکو لە ڕێگەی سزادانی تاوانبارانەوە، چانسی خۆی بۆ وەرگرتنی ویلایەتی دووەم بەهێز بکات.
هۆشیار زێباری جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکە لەلایەن گروپە میلیشیاکانەوە بە مووشەکی جۆری گراد و لە بەرەی خورماتووەوە ئەنجام دراوە، ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشانە لێدان و تێکدانی ژێرخان و ئابووریی هەرێمی کوردستانە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باسی لەوەکرد، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە، کە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی بەسەر ئەو گرووپانەدا نییە.