هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە ئاشکرا کرا
نرخی هێلکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
نرخی هێلکە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکێک لە چارەسەرەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای راگەیاند، لە ئیستادا 10 ملیۆن مریشکی هێلکەکەر لە هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستانن، ڕۆژانە نزیکەی 7 ملیۆن و 500 هەزار هێلکە بەرهەم دەهێندرێت، 2 ملیۆن و 500 هەزار هێلکەیە بۆ بەرهەمی ناوخۆ بەکار دەهێندرێتەوە و 5 ملیۆن هێلکەش هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
بەگووتەی فیراس سدیق، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە لە عێراق ئەوەیە کە خواستی بەکارهێنانی هێلکە لە وەرزی زستاندا زیاد دەکات، هەر بۆیە عێراق نەیتوانیوە هێلکە دابین بکات و پشت بە بەرهەمی کوردستان دەبەستێت.
نرخی تەبەقەیەک هێلکە لە هەرێمی کوردستان 6 هەزارە و لە عێراقیش نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ 8 هەزار دینار.