کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاندیدێکی دەرچووی دوورخستەوە
کاندیدێکی دەرچووی هەڵبژاردن بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی هەڵبژاردنەوە دوور خرایەوە
موهەند خەزرەجی کاندیدی دەرچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە هۆکارێک لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دوور خرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کاندیدێکی دەرچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەناوی موهەند جەبار خەزرەجی، سەر بە ڕێکخراوی بەدر لە پارێزگای بەغدا بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی هەڵبژاردنەوە دوور خرایەوە.
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە نووسراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە، بە زۆرینەی دەنگ و لە دانیشتنی ژمارە 46ـی ئەنجوومەنی کۆمسیاران کە لە ڕۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2025 ئامادە کراوە، بە فەرمانی وەزاری ژمارە 79 لە 16ـی تەمووزی 2025 پێکهێنراوە و بڕیاری دراوە، موهەنەد جەبار عەزاب سالم خەزرەجی کە لە هەڵبژاردن دەرچووە دوور بخرێتەوە.
پێشێلکردنی بڕگەی سێیەمی ماددەی 7ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان، ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو، ئەو یاسایەیە کە بۆ دوورخستنەوەی موهەند خەزرەجی پشتی پێ بەستراوە، هاوکات هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە بەمشێوەیە باسکراوە، ناوبراو مەرجی پێویستی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تێدا نەبووە، کە لە یاساکەدا هاتووە.