پایتەخت

بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا
کورتە

سزای لە سێدارەدان بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی كشتوكاڵی بەغدا سەپێندرا، کە لەگەڵ گرووپێكی میلیشیاكاندا هێرشی كردبووە سەر فەرمانگەكەی، دوای ئەوەی كەسێكی تر لە شوێنەكەی دانرابوو

بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا بەهۆی گەندەڵی و هێرشکردنەسەر بینای حکومەت و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە حکومییەکانی بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

دوای چەندین ساڵ لە کۆتاییهاتنی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی عێراق، بەغدا هێشتا هەر گۆڕەپانی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم وڵاتەیە، بەشێوەیەک کە گەندەڵی و ناپاکی و سوود وەرگرتن لە پۆستە حکومییەکان بۆ مەبەستە کەسییەکان، هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشە و گرفتانەن، کە لە دوایین نموونەشدا بەرپرسی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەغدا بەهۆی گەندەڵییەوە بووە هۆی دروستبوونی شەڕ و کوژرانی سێ کەس. 

دادگای تاوانەکانی ناوەڕاستی بەغدا لە بڕیارێکی نوێدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەیاد کازم عەلی بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سەپاند، هۆکاری سزاکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەیاد کازم عەلی بە گەندەڵی تاوانبار کرابوو و لە پۆستەکەی دوور خرابوویەوە، بەڵام دوای دوورخستنەوە و دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی کشتوکاڵی بەغدا، بە هێزێکی سەربازییەوە هێرشی کردە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە.

کێشەکە لێرەوە سەری هەڵدا؛ ئەیاد کازم عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەغدا تۆمەتبار بوو بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، بەوهۆیەوە و بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بڕیاری لەسەرکارلادانی دەرکرا، هەر دوای چەند کاتژمێرێک لە دوورخستنەوەی ئەیاد کازم عەلی، ناوبراو بە هێزێکی چەکدارییەوە هەڵیکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە.

هێرشەکە بەمشێوەیە بوو؛ ئەیاد کازم دوای ئەوەی ئاگادار کرایەوە کە بەڕێوەبەری نوێی کشتوکاڵ دەستبەکار بووە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستبەکاربوونی بکات بە هاوکاریی فیرقەی 45 و 46ـی حەشدی شەعبی هێرشی کردەسەر بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پاسەوان و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە تێکهەڵچوون، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پۆلیسێک، کارمەندێک و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژران و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوابەدوای ئەو هێرشەی ئەیاد کازم عەلی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەغدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بە هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپارد، کەسانی بەرپرس لەو ڕووداوە و هێرشبەرانی سەر بینای حکومەت دەستگیر بکرێن، دوای بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکان، ڕۆژی ـی تەمووز ئەیاد کازم عەلی و دوو بەرپرسی فیرقەکانی 45 و 46ـی حەشدی شەعبی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەستگیر کران.

دوای دەستگیرکرانی ئەیاد کازم عەلی، دادگای تاوانەکانی عێراق بە یاسای بەرەنگابوونەوە دژی تیرۆر و هێرشکردنەسەر بینای حکومەت و کەڵکوەرگرتن لە هێزی حکومەت دژی حکومەت، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەیاد کازم عەلی دەرکرد، هاوکات بڕیاری دوورخرانەوەی بەرپرسانی فیرقەکانی 45 و 46ـی حەشدی شەعبیش درا.

جێگای باسیشە، ئەیاد کازم عەلی تۆمەتبار بوو بەوەی چەندین جار دەستی لە ساخەتکاریی بەڵگەنامە، بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵیدا هەبووە و هەوڵ درا بە شێوەی یاسایی لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، بەڵام لە کاردانەوە بەو بڕیارانەدا بە هێز و چەکەوە هێرشی کردە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکی حکومەتی عێراق.

25 تشرینی دووەم 2025 11:34
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026