کوردێک دوای 30 ساڵ ژیان لە غەززە داوای گەڕانەوە بۆ کوردستان دەکات
ئەو کوردەی خۆی بە باڵیۆزی کورد لە غەززە دەزانێت، داوا دەکات بگەڕێتەوە کوردستان
کوردێک ماوەی 30 ساڵ زیاترە لە غەززە نیشتەجێیە و داوا دەکات بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
لەنێوان دووکەڵ و ئاگری شەڕ لە غەززە کە هەر ڕۆژە چیرۆکێکی نوێ سەر هەڵدەدات، چیرۆکی کوردێک دوای 30 ساڵ ژیان لەو ناوچەیە دەنگی داوەتەوە، جەعفەر خەلیل گولان، ئەو هاووڵاتییە کە دوای ساڵانێک ژیان لە کەرتی غەززە، دڵی بۆ کوردستان لێدەدات و هیواخوازە بگەڕێتەوە زێدی خۆی.
جەعفەر خەلیل گولان، لە ساڵی 1995ـەوە لە کەرتی غەززە نیشتەجێیە، ئەو دەڵێت، چەندین ساڵ پێش کاتێک گەنج بووم ماڵە ڕەسەنەکەم لە شارۆچکەی ئەلمالیکییە (دێریک، لە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا) لەگەڵ خێزانەکەم بەجێهێشتووە، ئەوان لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
وەک خۆی دەڵێت، ئەو سەر بە خێڵی کۆچەرە، هەروەها سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی لەکاتی شەڕی پێشووتری سووریا ئاوارەبوون و ڕوویان لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان کرد، ئێستاکەش برایەکی خاوەنی فڕنی نانە لە دهۆک و تەنانەت خوشکەکانیشی هێشتا لە دهۆک نیشتەجێن.
جەعفەر خەلیل گولان ڕایگەیاندووە، لە تەمەنی گەنجیدا بە دوای تێوەگلان لە کاری شۆڕشگێڕانەدا ڕۆیشتم، پێش ئەوەی پەیوەندیم بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینەوە بکەم، لە نێوان ڕێکخراوە کوردییەکاندا جوڵەم دەکرد، لەوێشەوە لە ساڵی 1982 ڕووم لە جەزائیر کرد، پاشان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا گەڕامەوە غەززە، لەوێ وەک ئەفسەر لە دەسەڵاتی فەلەستین خزمەتم کرد تا خانەنشین بووم.
جەعفەر خەلیل دەشڵێت، ناسنامەی شۆڕشگێڕانەی لە منداڵیدا دروستبووە، بەو پێیەی باوکی هاوەڵی مەلا مستەفا بارزانی بووە، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە لەسەر بنەماکانی خەبات و سەربەخۆیی نەتەوەیی پەروەردە بووە.
ئەو باسی ئەزموونی خۆی لە شەڕی ئەم دواییە دەکات و دەڵێت؛ ماڵەکەم لە ماوەی هەفتەی یەکەمدا بە تەواوی وێران بوو، بۆیە ناچار بووم لە نێوان ڕەفەح و نوسیراتدا بگوێزمەوە پێش ئەوەی لە شوێنی ئێستام نیشتەجێ بم، هەر لەم شەڕەی دواییدا چەند ئەندامێکی خێزانەکەم لەدەستداوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵی 1995 لەگەڵ کادیرانی PLO لە ڕێگەی پەڕینەوە هاتۆتە ناو غەززە و لەو کاتەدا ژمارەی ناسنامەی نیشتمانی فەلەستینی وەرگرتووە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی خاوەنی ناسنامەی فەلەستینین.
هەروەها دەڵێت، هەست بە شانازییەکی بێئەندازە دەکات بەو خۆشەویستییەی کە لە خەڵکی غەززە وەریدەگرێت، دەشڵێت، لە ماوەی مانەوە درێژخایەنەکەیدا لەوێ نوێنەرایەتی وێنەیەکی ئەرێنی کوردی بۆ خەڵکی غەززە کردووە.
جەعفەر خەلیل دەڵێت: من کوردم و بەرگریم لە غەززە کرد، لێرەش ناسراوم، خۆم بە باڵیۆزی کورد لە غەززە دەزانم، وێنەیەکی ئەرێنیم لە گەلەکەم لێرە و بۆ خەڵکی ئێرە خستەڕوو.
بارودۆخی جەعفەر خەلیل گولان نالەبارە و باس لەوە دەکات، من بەدەست کەمی خۆراک و دەرمان و ئاو و هەموو شتێکی ترەوە دەناڵێنم، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە ئیفلیج بووم، هەروەها ماڵەکەم و شوقەکەم و هەموو ئەو شتانەی کە هەمبوو لەدەستم داوە، تەنانەت ئەو پارەیەی کە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕەکەم پاشەکەوتم کردبوو، لە شەڕەکەدا لەدەستچوو.
داواکاریی خۆی دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، لەگەڵ کرانەوەی دەروازە سنوورییەکان ڕوو لە کوردستان دەکەم و دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان، ڕوونیشی کردەوە، بەر لە هەڵگیرسانی شەڕی ئەم دواییە پلانی گەڕانەوەی هەبووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
بە دڵتەنگییەوە دەڵێت، بیری وڵات و خێزانەکەم دەکەم، دەمەوێت بە کوردی قسە بکەم و لەگەڵ خوشک و براکانم ئاهەنگی نەورۆز بگێڕم، چل ساڵە لە دەربەدەریدام، هیوادارم تەواوی ژیانم لە کوردستان بەسەر بەرم و لەوێ بمرم.