پایتەخت

یەکێتی پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان وەردەگرێتەوە 

یەکێتی پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان وەردەگرێتەوە 
کورتە

یەکێتی دەیەوێت سەرجەم ئەو پۆستە ئیدارییانەی لای بزووتنەوەی گۆڕانن و ئەندامانی گۆڕان لێی بەرپرسن وەربگرێتەوە و هیچ پۆستێک لە دەست ئەو بزووتنەوەیەدا نەهێڵێتەوە

یەکێتی دەستی کردووە بە وەرگرتنەوەی پۆستەکان لە بزووتنەوەی گۆڕان و باڵی کوردساتی بزووتنەوەکەش نایەوێت پۆستەکانی لەدەست بدات.

دیسان یەکێتی بڕیارێکی دیکەی داوە و ئەمجارە دەیەوێت سەرجەم ئەو پۆستە ئیدارییانەی لای بزووتنەوەی گۆڕانن و ئەندامانی گۆڕان لێی بەرپرسن وەربگرێتەوە و هیچ پۆستێک لە دەست ئەو بزووتنەوەیەدا نەهێڵێتەوە، ئەمەش نیگەرانیی زۆری باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕانی لێکەوتووەتەوە و نایانەوێت پۆستەکانیان لەدەست بدەن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری داوە، سەرجەم پۆستە ئیدارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە وەربگرێتەوە و خۆی بەڕێوەیان ببات، هاوکات یەکێتی نیازێکی دیکەشی هەیە و دەیەوێت پۆستی پارێزگای سلێمانیش لە بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێتەوە کەسی دیاریکراوی خۆی بۆ دابنێت.

بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی لیژنەیەکی پێکهێناوە و سەرنجی وردی خستووەتە سەر ئەوەی سەرجەم پۆستەکان لە گۆڕان وەربگرێتەوە، ئامانجەکەش نەهێشتنی دەسەڵاتی گۆڕان و کۆکردنەوەی سەرجەم پۆستەکانە بۆ یەکێتی، تاوەکو ئێستاش لەکۆی ئەو 30 پۆستەی گۆڕان بەڕێوەی دەبرد، یەکێتی 10 پۆستی وەرگرتووەتەوە.

هاوکات عەتا محەممەد بەرپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاشكرای کردووە، پۆستەکان بەشێوەی گشتی وەردەگرینەوە و تەنانەت پۆستی پارێزگاری سلێمانیش لە چوارچێوەی بەرنامەکەدایە.

بزووتنەوەی گۆڕان کە لە ئێستادا بووەتە دوو بەرەوە و لەناو خۆیدا کێشە و گرفتی بەرچاوی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش گوشاری خستووەتە سەریان بۆ ئەوەی پۆستەکان وەربگرێتەوە، هەر بەم بۆنەیەوە تاوەکو ئێستا چەند بەرپرسێکی گۆڕان بوونەتە یەکێتی تاوەکو پۆستەکانیان نەفەوتێت و لە جێی خۆیان بمێننەوە.

24 تشرینی دووەم 2025 11:08
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025