17 مێرمنداڵ لە دەستی گرووپێکی جوولەکەی توندڕەو ڕزگار کران
لە کۆلۆمبیا چەند مێرمنداڵێک لە دەستی گرووپێکی مەزهەبی جوولەکەی توندڕەو ڕزگار کران، کە دەستدرێژی سێکیسان دەکردنە سەر.
گرووپێکی مەزهەبی جوولەکە، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کەسانی خوار 18 ساڵان هەیە و حکومەتی کۆلۆمبیا 17 قوربانی ئەم گرووپەی لە وڵاتەکەی خۆی ڕزگار کرد.
دەزگای کۆچبەرانی کۆڵۆمبیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، 17 مێرمنداڵی کچ و کوڕیان لە دەستی گرووپێکی جوولەکەی توندڕەو ڕزگار کرد، کە کە بە گومانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەو گرووپە جوولەکەیە ناوی مەزهەبی (لێڤ تاهۆر)ـە کە بە عیبری بە مانای "دڵی پاک" دێت، لە ساڵانی هەشتاکان لە ئۆرشەلیم دامەزراوە، بە یاسا و ڕێسای تووند بۆ سەر ئەندامەکانی ناسراوە، وەک، جلوبەرگی تایبەت، ڕەتکردنەوەی پەروەردە و خوێندنی سێکولاریزم و دەرمان، هاوسەرگیری منداڵانیش پەیرەو دەکەن، هاوکات چەندین ساڵە ڕووبەڕووی تۆمەتی توندوتیژی بۆ سەر منداڵان بووەتەوە، بۆیە ئیسرائیل و وڵاتانی تر بە گرووپێکی مەزهەبی ئایینیی تووندڕەو لە قەڵەمی دەدەن، سەرکردەکەشی بە ناوی "نەچمان هێلبرانس" لە ئێستا بە تۆمەتی ڕفاندنی منداڵ لە ئەمریکا لە زینداندایە.
ئەو ڕێکخراوەی کە قوربانییانی لێڤ تاهۆر ڕزگار دەکات و کۆیان دەکاتەوە ناوی "ڕزگاربووانی لێڤ تاهۆر"ـە، مەزەندە دەکات کە مەزهەبەکە سەدان ئەندامی هەبێت و لەلایەن گروپێکی بچووکی ژمارەیەک سەرکردەوە بەڕێوە دەبرێت، لە کاتێکدا زۆربەی ئەندامەکان بە پێچەوانەی خواستی خۆیان دەستگیرکراون، ئەم گروپە پەیڕەوی لێکدانەوەیەکی توند و تایبەت بۆ جوولەکەکان دەکەن و یاسای خۆراکی توند تا ڕادەیەکی زۆر لە جیهانی دەرەوە جیایان دەکاتەوە.