کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان پارە وەردەگرن
کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان بڕیارە پێش سەری ساڵ پارە وەربگرن
فەرمانبەران و قوتابی و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سەرتاسەری عێراق، لە ڕۆژی دەنگدان بوونە کارمەندی سەرسندوقی دەنگدان بڕیارە پێش سەری ساڵ پارە وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە پایتەخت میدیای راگەیاند، سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی ناوی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانن هەر یەکێکیان بە گوێرەی ڕۆڵەکەی لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەت پاداشتی دارایی وەردەگرن.
بەگووتەی ئامانج عەزیز، کۆمسیۆن بۆ دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان دوو ڕێگەی لەبەردەمە یان لە ڕێگەی دروستکردنی ڤیزا کارتەوە یاخود بە کاش، هەموو هەوڵێک دەدرێت پێش سەری ساڵ پارەی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان بدرێت.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵا باس لەوەدەکات، لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 15 هەزار فەرمانبەر و دەرچوو کارمەندی کۆمسیۆن بوون، فەرمانبەری حکومەت 300 هەزار وەردەگرێت، قوتابی و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان 400 هەزارە، کەسانەی یەدەگ 50 هەزار وەردەگرن.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ناوەی کارمەندان ئامادە دەکەن و ئەو کارمەندانەی لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی کارییان کردووە 400 هەزار وەردەگرن.
خالید عەباس جەخت لەوەدەکاتەوە، پێشبینی دەکرێت بە شێوەی نەختی پارەی کارەمەندانی سەرسندوقی دەنگدان دابەش بکرێت.