سەرۆک مافیایەک ئۆفەری 1,500 پاوەندی پێدرا بە بۆ ئەوەی بەڕیتانیا جێبهێڵێت
بەهۆی پڕۆگرامی پلانی نیشتەجێبوونی یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا ناچارە کەسانی تاوانکار بە زەبری پارە دیپۆرت بکاتەوە
سەرۆک مافیایەک بەر لەوەی دادگەیی بکرێت، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕە پارەیەکی پێشکەش کرا بەس بۆ ئەوەی وڵاتەکە جێ بهێڵێت.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، (میرچە ماریان کومپانیاسوین)ـی تەمەنی 38 ساڵانی خەڵکی ڕۆمانیا، سەرۆکی تۆڕێکی مافیایە، کە لە تاوانی دەستدرێژی سێکسی، بازرگانی ماددەی هۆشبەر و پێشێلکردنی ئافرەتان تێوەگلاون، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە ئۆفەری بڕی 1,500 پاوەندی بەڕیتانی پێ دراوە، بۆ ئەوەی خۆی دیپۆرتی بکاتەوە.
ناوبراو لە هاوینی 2024 ئەو کاتەی کە لە زیندان بوو و لە چاوەڕوانی دادگەییکردن لەسەر 10 کەیسی دەستدرێژی سێکسی، بەرپرسانی بەڕیتانیا ئۆفەری گەڕانەوەی "خۆویستیان" بۆ ڕۆمانیا پێشکەشی کرد، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی حکومەت کە پارە بە کەسانی بیانی دەدات تا بە ویستی خۆیان بەریتانیا جێبهێڵن، بەڵام ناوبرا دیپۆرت نەکرایەوە بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی دادگەییکردنەکەی.
چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی دادگەیی، مافی کۆچبەریی (میرچە ماریان کومپانیاسوین) کە خەریک بوو بەسەربچێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە چوارچێوەی پلانی نیشتەجێبوونی یەکێتی ئەوروپا نوێ کرایەوە.
پلانی نیشتەجێبوونی یەکێتی ئەوروپا ڕێگە بە هاووڵاتییانی یەکێتی ئەوروپا و ناوچەی ئابووری و ئەوروپا و سویسرا دەدات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لە بەریتانیا بۆ کاتێكی نادیار بژین، ئەگەر بێت و لە پێش 31 کانوونی یەکەمی 2020 چووبوونە ئەو وڵاتە و لەوێ نیشتەجێبووبن، بەمەش وەک بەشێک لەو پڕۆگرامە هەژمار دەکرێن.
بەڵام دواتر (میرچە ماریان کومپانیاسوین) سزای 24 زیندانی بەسەردا سەپێندرا و مافی پلانی نیشتەجێبوونی یەکێتی ئەوروپای لە پڕۆگرامەکە لێ هەڵوەشێندرایەوە و دوای تەواوبوونی وادەی زیندانیکردنەکەی، دیپۆرتی ڕۆمانیا دەکرێتەوە.