قوباد تاڵەبانی: پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە
قوباد تاڵەبانی چارەسەربوونی كێشەی مووچە بە پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق دەبەستێتەوە
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هاتووە و چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکرێت، قوباد تاڵەبانی ئاماژە بە چارەسەرکردنی کێشەی ڕێژەیی مووچە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کابینەی داهاتووی عێراق، دەبێتە کابینەیەک کە بە شێوەیەکی بنچینەیی کێشەی مووچە و پرسی نەوت چارەسەر دەکات، هاوکات باسی پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، تاوەکو گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ بەردەوام بوون، ئێستا بانگەشە تەواو بووە و هەڵبژاردن کراوە، ئەوان وەک یەکێتی ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەش دەکاتەوە، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ ئەوەیە بگەنە ئەنجامێکی کۆتایی لەپێناو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.