هیچ وڵاتێک بۆ کووژاندنەوەی ئاگرە گەورەکە هاوکاری ئێران ناکات
دوای ئەوەی وڵاتی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرزنئاباد هانای بۆ وڵاتانی دیکە برد، هیچ وڵاتێک بە هانایەوە نەچوو
ئێران داوای لە وڵاتانی دراوسێ و دۆستی خۆی کرد لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی هیرکانیدا هاوکاریی بکەن، بەڵام هیچ وڵاتێک بە هانایەوە نەچووە.
زیاتر لە سێ هەفتەیە دارستانەکانی هیرکانی لە باکووری ئێران ئاگریان گرتووە و دەسووتێن، ڕووبەرێکی بەرفراوان لەم دارستانانە بەتەواوی لەناوچوون، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران نەیتوانیوە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە و تەنیا خەڵک و ژینگەپارێزانی خۆڕسک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.
ڕۆژی ڕابردوو حکومەتی ئێران بە فەرمی داوای لە وڵاتانی دۆست و دراوسێی کرد، لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا یارمەتییان بکەن، بەڵام ئەمڕۆ حوسێن ساجدی نیا، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی ئێران ڕایگەیاند، هێشتا هیچ وڵاتێک نەهاتووەتە پێشەوە بۆ یارمەتیدانی کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە دارستانەکانی هیرکانی.
لەکاتێکدا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە تورکیا فڕۆکەی تایبەتی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ناردووە، بەڵام حوسێن ساجدی نیا بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ڕاستە چەند وڵاتێک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ یارمەتیدان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی دارستانەکانی مازەندەران، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێک هێزی یارمەتیدەری نەناردووە.
پسپۆڕانی ژینگە پێیان وایە، بە سووتانی ئەو دارستانانەی ئێران زیانێکی قەرەبوو نەکراو بەر ژینگەی ئێران دەکەوێت، هاوکات چاودێرانیش دەڵێن، سەرەڕای هەبوونی کەرەستەی پێویست، بەڵام کۆماری ئیسلامی ناتوانێت کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات و تەنیا خەڵک بە سەرەتاییترین کەرەستەکان هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن.