پایتەخت

چوار پارێزگای ئێران خەریکە دەخنکێن 

چوار پارێزگای ئێران خەریکە دەخنکێن 
کورتە

جگە لە قەیرانی بێ ئاوی، ئێران بەدەست پیسبوونی کەشوهەوا دەناڵێنێت و هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان

پیسبوونی هەوا لە چوار پارێزگای ئێران بووەتە هۆی داخرانی قوتابخانەکان و هۆشداری لە چەند مەترسییەکیش دەدرێت.

تارانی پایتەختی ئێران بێجگە لە قەیرانی بێ ئاوی و بێ وزەیی، پیسبوونی هەواش هەناسەی لێ بڕیوە، بەجۆرێک کە قوتابخانەکانی داخراون و هۆشداری بە خەڵک و دانیشتوانەکەشی دەدرێت.

نزیکەی یەک هەفتەیە هەوای تارانی پایتەختی ئێران گەیشتووەتە پیسترین حاڵەتی خۆی، زانیارییەکانی پاکیی هەوا دەریدەخەن، گەردیلە زیانبەخشەکان لە بەرگەهەوای ئەو شارەدا بڵاوبوونەتەوە و ژینگەی شارەکەیان بەتەواوی ناتەندروست کردووە، هەر بەوهۆیەوە بەرپرسان بڕیاریان داوە بۆ تەندروستیی منداڵان قوتابخانەکان دابخەن.

بێجگە لە داخستنی قوتابخانەکان، ناوەندە تەندروستییەکانیش هۆشدارییان بە خەڵک و دانیشتووانی تاران داوە، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەن، کێشەی هەناسە و دڵیان هەیە، ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ هەوای پیس نەبێت و کەمترین هاتنە دەرەوەیان لە ماڵەوە هەبێت.

نەک هەر تارانی پایتەختی ئێران، بەڵکو هەوای سێ پارێزگای دیکەش لەوانە یەزد، تەورێز و ورمێ پیس بووە و قوتابخانەکانی داخراون، بە هەمانشێوەش داوا لە هاووڵاتییان کراوە کەمترین بەرکەوتەیان لەگەڵ هەوای پیس هەبێت و ئەوانەی نەخۆش و بەساڵاچوون، لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە.

تادێت دۆخی ژینگەی ئێران ڕوو لە تێکچوونی زیاتر دەکات، لەلایەکەوە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، نەبارینی باران، قەیرانی بێ ئاوی و لە لایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە وایکردووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژینگەی ئەو وڵاتە ناتەندروستتر بێت.

23 تشرینی دووەم 2025 11:09
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025