پایتەخت

مالیکی: ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێککەوتنی کاتی چارەسەر نابن

مالیکی: ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێککەوتنی کاتی چارەسەر نابن
کورتە

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەخت لە دەرکردنی یاسا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان و هەولێر و بەغدا دەکاتەوە

مالیکی جەختی لە هەبوونی نادادپەروەری لە یاسای هەڵبژاردنی عێراقی کردەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان و  هەولێر و بەغدا پێویستی بە دەرکردنی یاسا هەیە.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" ڕایگەیاند، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە ڕێککەوتنە کاتییەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی دەرکردنی یاساکانەوە بێت.

مالیکی ئاماژەی بە ڕێژەی زۆری قوربانیدانی کورد لە ژێر دەستی ڕژێمی بەعس کرد و باسی لەوە کرد، کە لە ئێستاشدا یاسای هەڵبژاردنی عێراقی نادادپەروەری زۆری تێدایە و دیارترین خاڵەکانی لاوازیی یاساکە پەیوەستن بە کۆتاکان"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داواکارییەکی بەرفراوان هەیە بۆ پێداچوونەوە بە یاساکە پاش ئەنجامەکانی ئێستا.


لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق مالیکی گووتی، سەرۆکوەزیرانی داهاتوو ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە، دیارترینیان "قەیرانی داراییە"، چوارچێوەی هەماهەنگی تایبەتمەندی دیاریکراوی بۆ کەسایەتی سەرۆکوەزیران داناوە، جەختیش دەکاتەوە، کە عێراق سەقامگیر نابێت مەگەر بە سەقامگیریی هەموو ناوچەکانی و پێیوانییە سوننە لە عێراق پەراوێزخرابن و ئەوانەی ئەم بیرۆکەیە بڵاودەکەنەوە کەسانی دۆڕاون.


لەلایەکی دیکەوە دوێنێ هەینی، ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ ڕاپۆرتێكدا زه‌نگی شكستی مالیكی لێدا و ئاشكرای كرد، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا دووچاری ژماره‌یه‌ك گرفتی نێوخۆیی بووه‌ته‌وه‌ و مالیكی له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ته‌نیا 10 كورسی هه‌یه‌، بۆیه‌ چانسی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی نییه‌ و له‌ داهاتوو و له‌كاتی به‌رێوه‌چوونی دانوستانه‌كان تووشی كێشه‌ و گرفتی فراوان به‌هۆی لاوازی پێگه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه‌.

سەبارەت بە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نووری مالیکی جەختی کردەوە، لەسەر ئەم بابەتانە زۆرجار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کردووە بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا هەیە و ئەو ئەرکەی لەسەریانە جێبەجێی بکەن لە پرۆسەی سیاسی لە دوای هەڵبژاردن، پێویستی بە دیالۆگی ڕاستەوخۆ هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە نووری مالیکی بەتەمەنترین كاندیدی سەركەوتووی ئەم هەڵبژاردنەیە و تەمەنی 75 ساڵە، هاوکات جگه‌ له‌ نووری مالیكی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سوودانی و مسته‌فا كازمی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕووخساره‌ سیاسییه‌ دیاره‌كانی عێراق خۆیان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماده‌ كردووه‌.

22 تشرینی دووەم 2025 09:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025