ژمارەیەک چەکدار زیاتر لە 200 قوتابییان ڕفاند
وڵاتی نەیجیریا بۆ جاری دووەم لە هەفتەیەک ڕفاندنی بە کۆمەڵی قوتابییانی ناوەندی بەخۆیەوە بینی و ئەمجارە ژمارەیەک مامۆستاش ڕفێندران
بۆ جاری دووەم لە هەفتەیەکدا ڕفاندنی بە کۆمەڵەی قوتابییان لە وڵاتی نەیجیریا ڕوویدا و ئەمجارە چەکداران هێرشییان کردە سەر قوتابخانەیەکی کاسۆلیکی.
کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە، دوێنێ هەینی لە ناوچەی ئەگوارەی وڵاتی نەیجیریای کیشوەری ئەفریقای ناوەڕاست ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووتەوە سەر قوتابخانەی کاسۆلیکی "سەینت ماری" و تێیدا 215 قوتابی و 12 مامۆستایان ڕفاندووە.
دانیال ئاتۆری، گوتەبێژی بەشی پەیوەندییەکانی ویلایەتی نەیجەر ڕایگەیاند، لەگەڵ دایک و باوکی منداڵە ڕفێنراوەکان کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایان بکاتەوە کە ئەوان لەگەڵ حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵەکانیان ڕزگار دەکرێن و بە سەلامەتی دەگەڕێندرێنەوە.
قوتابخانەی کاسۆلیکی "سەینت ماری" قوتابخانەیەکی ئامادەییە و قوتابییەکان تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 17 ساڵانە و یەکێک لە کەسوکاری قوتابییەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کە دوو نەوەی خۆی تەمەنیان 7 و 10 ساڵ بووە، لە نێو ڕفێندراوەکانن.
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەمە بۆ جاری دووەمە لە وڵاتی نەیجیریا ڕفاندنی بە کۆمەڵ ئەنجام دەدرێت و دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو چەکدارێک لە ویلایەتی کێبی وڵاتەکە هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندی کچانی حکومەت و تێیدا 25 قوتابی کچی ڕفاند.
باکووری ڕۆژئاوای نەیجیریا چەندین جار ڕفاندنی قوتابییانی لەلایەن چەکدارانەوە بەخۆوە بینیوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، گروپی چەکداری ئیسلامی "بۆکۆ حەرام" لە ساڵی 2014، 270 کچی قوتابخانەیان لە شارۆچکەی چیبۆک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕفاند، هەرچەندە زۆرێک لە کچەکان توانیویانە هەڵبێن یان دواتر ئازاد کران، بەڵام هەندێکیان هەرگیز نەدۆزراونەتەوە.