پایتەخت

دەم پارتی: هیوادارین تورکیا پەیامەکانی کۆڕبەندی مێپس بە گرنگ وەربگرێت

 دەم پارتی: هیوادارین تورکیا پەیامەکانی کۆڕبەندی مێپس بە گرنگ وەربگرێت
کورتە

ئایشەگوڵ دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی بە گرنگییەوە باسی کۆڕبەندی مێپس دەکات

ئایشەگوڵ دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی بە گرنگییەوە باسی کۆڕبەندی مێپس دەکات و داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات پەیامەکانی کۆڕبەندەکە بە هەند وەربگرن. 

کۆڕبەندی مێپس بۆ ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی گرنگی کوردستان و عێراق، ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو و تێیدا دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە ورووژێنرا، هاوکات چەندین پەیامیشی بۆ وڵاتان و لایەنەکانی ناوچەکە تێدا باس کرا. 

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی کۆمەڵێک پەیامی کۆڕبەندەکەوە ڕایگەیاند، ئەو کۆڕبەندەی لە دهۆک بەڕێوەچوو چەندان پەیامی گرنگ و بە بایەخی لەخۆ گرتبوو، ئێمە وەکو ناوەندی بەڕێوەبەریی دەم پارتی کۆڕبەندەکەمان تاوتوێ کرد و زۆربەی پەیامەکانی پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای تورکیاوە. 

ئایشەگوڵ دۆغان گوتیشی، پەیامەکان ئەوکاتە گرنگییان زیاتر بوو کە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەرۆکی هەرێم، مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و عوسمان بایدەمیر و دەیان کەس و کەسایەتیی دیاری ناوچەکە تێیدا بەشدارییان کرد، بۆیە ئەم پەیامانە بایەخی زۆریان هەیە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بە گرنگییەوە لەم پەیامانە بڕوانن. 

شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی دهۆک بەڕێوەچوو و تێیدا کەسایەتییە دیارەکان تیشکیان خستە سەر دۆخی هەنووکەیی و سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە، بەتایبەت کە لە ئێستادا و لە تورکیا پڕۆسەی ئاشتی هاتووەتە ئاراوە، گوتەبێژی دەم پارتی پێی وایە، 'پەیامەکانی کۆڕبەندەکە جێگای تێڕامانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە و پێویستە گرنگیی پێ بدەن'.

21 تشرینی دووەم 2025 09:31
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025