پایتەخت

نوح زەعیتەر گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر چۆن دەستگیر کرا؟

نوح زەعیتەر گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر چۆن دەستگیر کرا؟
کورتە

ورده‌كاریی ده‌ستگیركردنی یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ر

پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت بە یەکێک لە گەورەترین و لە هەمانکاتدا مەترسیدارترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهاتە ئەژمار؛ نوح زەعیتەر کێ بوو و بۆچی ئەوەندە ناوبانگی هەبوو؟ 

هۆشبەرەکان، ئەو مادە سروشتی – کیمیاییانەی بۆ زۆرینەی جیهان زیانبەخشە، بەڵام لە هەمانکاتدا هەندێک کەس بە بازرگانی کردن پێیەوە سەرسووڕهێنەرترین قازانج و سوود دەکەن، دەستە و تاقمی پێ دادەمەزرێنن و ئەگەر پێشیان پێ نەگیرێت، ئەوا خۆیان بە خاوەنی هەموو شتێک دەزانن و دەتوانن ڕۆڵی بەرچاوییان لە وێرانکارییەکانیشدا هەبێت، نوح زەعیتەر بازرگانێکی لەمشێوەیە بوو لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  ئەگەر دەستگیر نەکرایەت ئەم ناوچەیە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدارتر دەڕۆیشت. 

سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەو وڵاتە نوح زەعیتەر، یەکێک لە گەورەترین سەرکردەکانی مافیای بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی نێوان لوبنان و سوریایان لە شارێکی دۆڵی بیقاع دەستگیر کردووە، کاتێک دوای هەواڵگریی ورد و چاودێریی ئەمنی بۆیان ئاشکرا بووە بە چ شوێنێکدا هاتووچۆ دەکات، بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگای کڵێسا – بەعلەبەک لە ناوچەی بیقاع بۆ داناوە، بە تووندترین ڕێکاری سەربازی هێرشیان کردووەتە سەری و دەستگیریان کردووە، دواتریش لەژێر چاودێرییەکی چڕدا بۆ وەزارەتی بەرگریی لوبنان گواستراوەتەوە. 

نوح زەعیتەر خەڵکی گوندی ئەلکانیسە لە ناوچەی بیقاعی باکووری ڕۆژهەڵاتی نزیک سنووری سوریایە، چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی لە ئاستی نێوخۆیی لوبنان و وڵاتانی دەوروبەردا بۆ دەرچووە، لایەنگرێکی دیاری گروپی چەکداری حیزبوڵای لوبنانە و چەندین پۆستی هەبووە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی لەکارکێشاوەی ئەسەد لە سووریا، چەند جارێک لەگەڵ نوێنەرانی حیزب بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە دەڤەری بیقاع کردووە.

زەعیتەر یەکێکە لە کەسە داواکراوەکانی لوبنان، تۆمەتبارە بە چاندن و بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەتی حەبی کاپتاگۆن، بەڵام پێشتر هێزە ئەمنییەکانی لوبنان نەیانتوانیوە دەستگیری بکەن، هەرچەندە چەند ڕۆژنامەنووسێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردووە و چاوپێکەوتنەکان لە تۆڕە ناوخۆییەکان پەخشکراون، ئەمەش پرسیاری لەو کاتەدا سەبارەت بە توانای ئامێرە ئەمنییەکان بۆ دەستگەیشتن بە زەعیتەری دروستکردووە، بەتایبەت کاتێک میدیاکان بە ئاسانی دەستیان پێی دەگات، بەشێک لە سیاسەتمەدارانی لوبنان حیزبوڵایان تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەهۆی پاڵپشتی دارایی زەعیتەرەوە پشتێنەی ئەمنی بۆ دابین کردووە.

ئاڵوگۆڕی حەبی کاپتاگۆن ساڵانێکە لە سەردەمی شەڕی سووریادا لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و سووریادا ئەنجام دەدرێت، چەندین لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی میدیایی ئاماژە بەوە دەکەن، بازرگانیی ماددەی هۆشبەری دەروونی کە ساڵانە بە بڕی 5.7 ملیار دۆلار بۆ ڕژێمی پێشووی ئەسەد لە سووریا سوودی هەبووە، بە سەرپەرشتی فیرقەی چوارەمی سوپای سووریا ڕێکخراوە کە لەلایەن ماهر ئەسەدەوە فەرماندەیی دەکرا و بە قاچاخ بەرەو وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا دەگوازرایەوە.

لەئێستادا نوح زەعیتەر لە باڵاترین ئاستی ئەمنی و چاودێریی لوبناندا دەستگیر کراوە، هەوڵە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی حکومەتی لوبنانیش بەردەوامە بۆ هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی تۆڕی بازرگانیی زەعیتەر و دەستە و تاقمەکانی.

21 تشرینی دووەم 2025 09:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025