ناچارین پایتەخت بگوازینەوە
مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت؛ ناچارین پایتەخت بگوازینەوە و چارەیەکی دیکەمان نییە
قەیرانە گەورەکان بەرۆکی ئێرانیان گرتووە و نوێترین گرفتیش قەیرانی ئاو لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەیە، سەرۆککۆماری ئێرانیش لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، چارەیەکی دیکەمان نییە و ناچارین پایتەخت بۆ شوێنێکی دیکە بگوازینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکوانانی پارێزگای قەزوین کۆبووەوە و چەند بابەتێکی ورووژاند، پزیشکیان لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بابەتی گواستنەوەی پایتەختی ئێران بۆ شوێنێکی دیکە کرد.
پزیشکیان لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند، ئیتر ناتوانین ژمارەی دانیشتووان و بیناسازی لە شاری تاران زۆرتر بکەین، چارەسەرێکی کورتخایەن ئەوەیە کە تۆزێک گەشە بە شارەکە بدەین بەڵام ناتوانین کێشە و قەیرانی کەمئاوی چارەسەر بکەین، ئەمەش ناچاری کردووین پایتەخت بگوازینەوە بۆ شار و ناوچەیەکی دیکە.
بابەتی گواستنەوەی پایتەختی ئێران لە تارانەوە بۆ شارێکی دیکە، دەمێکە لە نێو کاربەدەستان و بەرپرسانی حکومەتی ئێراندا مشتومڕی لەسەر دەکرێت، بەتایبەتیش لە ئێستادا کە قەیرانی ئاو بەرۆکی تارانی گرتووە، ئیتر گواستنەوەی پایتەخت گەرمتر بووە.
تاوەکو ئێستا بڕیارێکی یەکجاری بۆ گواستنەوەی پایتەختی ئێران نەدراوە، هەندێک لایەنی ئێران ناڕازین لەم بڕیارە و بەشێکیش پێیان کارێکی باشە، بەڵام ڕای خەڵک و دانیشتووانی تاران لەمبارەیەوە جیاوازە و زۆرینە پێیان وایە، بە گواستنەوەی پایتەخت زیانی زۆریان بەر دەکەوێت.