پایتەخت

سەرۆک بارزانی ڕۆڵی هەبووە لە یەکڕیزی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

سەرۆک بارزانی ڕۆڵی هەبووە لە یەکڕیزی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان
کورتە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە باسی گرنگی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری دهۆک سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد ، لە دیدارەکەدا محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری کوردی باکور و چەند کەسایەتی و بەرپرسی دیکەی ڕۆژئاوا بەشداربوون.

 

سەرۆک بارزانی لە دیدارەکە جەختی لەوەکردەوە، پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سوریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە.

 

سەرۆک بارزانی جەختی لە پشوودرێژی و تەبایی و یەکریزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە هاوکات نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێت.

 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی بۆ کۆڕبەندی مێپس 2025.


لە دیدارەکەدا مەزڵووم عەبدی، باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانی لەپێناو نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

 

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگایان کراوەبوو بۆ حەواندنەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆر بەرز نرخاند.

19 تشرینی دووەم 2025 18:10
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025