پایتەخت

فەڵەستینییەکی 18 ساڵان ئیسرائیلییەکی 71 ساڵانی بە چەقۆ کوشت

فەڵەستینییەکی 18 ساڵان ئیسرائیلییەکی 71 ساڵانی بە چەقۆ کوشت
کورتە

لە کردەوەیەکی تیرۆرستیدا دوو گەنجی فەڵەستینی هێرشیان کردە ژمارەیەک ئیسرائیلی و دواتر دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل بەرپەچدرانە و کوژران

دوو گەنجی فەڵەستینی بە ئۆتۆمبێل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ئیسرائیلی و یەکێکیان کوشت.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لە "گەش ئێتزیۆن"ـی کەناری ڕۆژئاوا دوو هاووڵاتیی فەڵەستینی سەرەتا بە ئۆتۆمبێلێک خۆیان بە نێو ژمارەیەک کەسدا کردووە و برینداریان کردوون، دواتر یەکێکیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکە هاتووەتە خوارەوە و چەندکەسێکی داوەتە بەر چەقۆ و لە ئەنجامدا پیاوێکی ئیسرائیلی 71 ساڵان گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکە تەنیا بریندار بوون.

قوربانییە 71 ساڵانەکە ناوی "ئەهارۆن کۆهێن"ـە و دانیشتووی کەناری ڕۆژئاوایە، دوو هێرشبەرەکەش فەڵەستینین و هەردووکیان تەمەنیان 18 ساڵە.

سێ قوربانی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار ببوون، ژنێکی 55 ساڵان و پیاوێكی 30 ساڵان و هەرزەکارێكی 15 ساڵان بوو، سەرجەمیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون لە قودس.

ژنە 55 ساڵانەکە بە هەڵە بە فیشەکی هێزەکانی ئیسرائیل بریندار کراوە و دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە، هاوکات دەستبەجێ دوای هێرشەکە، دوو هێرشبەرەکە لەلایەن هیزەکانی ئاسایش بەرپەچدراونەتەوە و کوژراون، دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەکان تەقینەوەیان دۆزیوەتەوە و پووچەڵیان کردووەتەوە.


19 تشرینی دووەم 2025 09:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025