چەکدارێک 25 قوتابی کچی ڕفاند
لە وڵاتی نەیجیریا پیاوێکی چەکدار هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ناوەندی کچان و 25 قوتابی ڕفاند
لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارێک لەگەڵ ستافی قوتابخانەیەک، جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کوژرا و 25 قوتابی کچ ڕفێندران.
نافیو ئەبوبەکر کۆتەرکۆشی، گوتەبێژی پۆلیسی نەیجیریا ڕایگەیاند، چەکدارێک لە ویلایەتی کێبی وڵاتەکەیان هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندی کچانی حکومەت و تێیدا 25 قوتابی کچی ڕفاند.
هێرشبەرەکە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ستاف و پاسەوانی قوتابخانەکە جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کوشتووە و کارمەندێکی دیکەی بریندار کردووە.
پۆلیس جەختی کردووەتەوە کە یەکەی تاکتیکی زیاتر و سەرباز و پاسەوانی ناوخۆیی بڵاوکراونەتەوە بۆ گەڕان بەدوای ڕێگەکانی هەڵاتنی چەکدارەکە و دارستانەکانی دەوورووبەر.
باکوری ڕۆژئاوای نەیجیریا چەندین جار ڕفاندنی قوتابییانی لەلایەن چەکدارانەوە بەخۆوە بینیوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، گروپی چەکداری ئیسلامی "بۆکۆ حەرام" لە ساڵی 2014، 270 کچی قوتابخانەیان لە شارۆچکەی چیبۆک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕفاند. هەرچەندە زۆرێک لە کچەکان توانیویانە هەڵبێن یان دواتر ئازاد کران، بەڵام هەندێکیان هەرگیز نەدۆزراونەتەوە.