سەرۆک بارزانی: مەرج نییە ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت
سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوویەوە و جەختی لە جێبەجێکردنی دەستوور بۆ بوون بە بنەمای سەرەکی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کردەوە
سەرۆک بارزانی لە دوای بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند پەیامێکی لەسەر پرسی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد و رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی بۆ پارتی دروستکران بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
بەگووتەی سەرۆک بارزانی، قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێک نزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن.
سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆیان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئەوان خالی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕاویان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون.
لەبارەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕوونیکردەوە، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەوان هەموو نەرمییەکیان نواند، پێشتریش ڕایانگەیاندبوو، کە مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت، بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.