پایتەخت

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا 46 هەزار بەرمیل کەمی کردووە

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا 46 هەزار بەرمیل کەمی کردووە
کورتە

ئەمریکا ڕاپۆرتی هەناردەی نەوتی عێراقی بۆ وڵاتەکە بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت ڕێژەکە زۆر کەمی کردووە

ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا دابەزینی هەناردەی نەوتی عێراقی بۆ ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند.

ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا لە حەوت وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە 4.67 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بە ڕێژەی 219 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە بە بەراورد بە تێکڕای هەفتەی ڕابردوو کە 4.889 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئیدارەی وزەی ئەمریکادا ئاماژە بەوەشکراوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا به تێکڕا 149 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، کە بە بەراورد بە تێکڕای هەفتەی ڕابردوو 195 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا 46 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

بەپێ داتاکان، گەورەترین سەرچاوەی هاوردەکردنی نەوتی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەدا بووە، بە تێکڕای 3.557 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش سعودییە بە 349 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، مەکسیک بە 321 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و نەیجیریا بە 136 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئەمریکا بە بەکارهێنانی ڕۆژانەی نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت، گەورەترین بەکارهێنەری ئەم کاڵایەیه لە جیهاندا.

16 تشرینی دووەم 2025 15:16
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025