پایتەخت

پارەی ئیکرامییەی پەرلەمانتارانی عێراق و کوردستان دابەشدەکرێت

پارەی ئیکرامییەی پەرلەمانتارانی عێراق و کوردستان دابەشدەکرێت
کورتە

بەگوێرەی یاسایەکەی حکومەتی عێراق پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی وڵاتەکە هەر یەکەیان بڕی 100 ملیۆن دینار وەردەگرن

پەرلەمانتارانی کوردستان پارەی ئیکرامییەی خولی پێشووی پەرلەمانیان وەرگرتووە و لە عێراقیش پرۆسەکە دەستپێدەکات.

بەپێی یاسایەیەک کە حکومەتی عێراق پەسەندی کردووە، دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی هەر خولێکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی ئەو خولەی پەرلەمان بڕە پارەیەک وەکو ئیکرامییە وەردەگرن، لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە یاساکە بوونی هەیە و دوای تەواوبوونی هەر خولێک، برە پارەیەک وەکو ئیکرامییە بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشدەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە پایتەخت میدیا گەیشتووە، پرۆسەی دابەشکردنی ئیکرامییەی پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە و بەپشتبەستن بە یاسای پەسەندکراوی عێراق، بڕیارە پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەر یەکەیان بڕی 100 ملیۆن دینار وەکو پارەی ئیکرامییە وەربگرن و بخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان.

لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە کۆتاییهاتووە و ئەو پەرلەمانتارانەی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا بەشدار بوون بڕی 49 ملیۆن دیناریان وەکو پارەی ئیکرامییە وەرگرتووە.

یاساکە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پەسەند کراوە بەڵام بۆ پەرلەمانتارانی عێراق 100 ملیۆن دینار وەکو ئیکرامییە لەبەرچاو گیراوە و بۆ پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستانیش بڕی 49 ملیۆن دینار دیاری کراوە.

16 تشرینی دووەم 2025 13:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025