زێرەڤانی: ئیدانەی هێرشە چەکدارییەکەی موهەیمەن دەکەین
راگەیەندراوی بەپەلەی فەرماندەیی زێرەڤانی لەبارەی هێرشی سەر ماڵی پێشمەرگەکەی دووبز
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەسەر هێرشە چەکدارییەکەی پەرلەمانتارێکی عێراق بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەکەی دووبز هاتە دەنگ و داوای دەستگیرکردن و سزادانی دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەن و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەن بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت دەستبەجێ هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو بگرێتە بەر و ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەنەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە، هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنی شەممە موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتاری عێراق لە پارتی پێشکەوتنی محەممەد حەلبوسیی لە گەڕەکی گوڵانی قەزای دووبز سەر بە پارێزگای کەرکووک بە چەکەوە چووە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانیی بە ناوی " ئەحمەد خەڵەف" و دەستڕێژی گوللەی لە ماڵەکە کردووە و هەڕەشەی کوشتنی لێ کردووە.
هۆکاری هێرشەکەی موهەیمەن حەمدانی بۆ سەر ماڵی ئەو پێشمەرگەیە، بۆ نووسینی کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە و ئەو پەرلەمانتارە ویستوویەتی تۆڵەی لێبکاتەوە.
دواتر درەنگانی شەوی ڕابردوو بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق 7 کەس لە پاسەوانانی موهەیمەن حەمدانی دەستگیرکران.