سودانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ میوانی هەرێمی کوردستان دەبێت
بڕیارە محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سەردانی هەرێمی کوردستان بکات
بڕیارە محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو سەردانێک بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و ماوەی دوو ڕۆژ دەمێنێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کردووە، لە سەردانەکەیدا سودانی ڕۆژی یەکەم لە شاری هەولێر دەبێت و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و چەند پرسێکی دیکەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی دووەمی سەردانیدا سودانی لە دهۆک ئامادە دەبێت و لەوێ بەشداری لە بۆنەیەکی تایبەت لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک دەکات.
سەردانەکەی سودانی بۆ هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ڕێکەوتی 11ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بە یەکەمین سەردانی فەرمیی بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار.