سەرەڕای بەدەستهێنانی 19 هەزار دەنگ ئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی ئێمە نەبوو
شاهۆ نەجم کەرکووکی، پەیامی دوای هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە؛ کەرکووک پێویستی بە کەسێکە کوردانە لە مەیدان بێت
شاهۆ نەجم کەرکووکی، کاندیدی ژمارەی دووی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامی خۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، “سەرەڕای بەدەستهێنانی 19 هەزار دەنگ، ئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی ئێمە نەبوو و هۆکارەکەشی هەڤاڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەیزانن.”
شاهۆ نەجم کەرکووکی، سەرەڕای بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵگرانی خۆی لە کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد و پارتی لە کەرکووک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “دۆخی کەرکووک پێویستی بە کەسێکە کوردانە لە مەیدان بێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاڵا و ناسنامەی و زمان و خاکی کەرکووک بکات و ئەمەش بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە دەکرێت.”
دەقی پەیامی شاهۆ نەجم کەرکووکی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
پەیامی سوپاسگوزاری بۆ خەڵکی کەرکووکی دڵی کوردستان و هەموو هەڤاڵانی پارتیمان لە کەرکووک.
هەرچەندە پێکەوە بە گڕوتین و وزەیەکی زۆرەوە، خۆمان ئامادەکرد بۆ هەڵبژاردن و بەهێز و ورەیەکی بەرزەوە، کارمانکرد بۆ سەرخستن و پشتیوانی لە لیستی275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بەندە وەک کوڕە پێشمەرگەیەک کاندیدی ژمارە 2 بووم، بەڵام بەداخەوە ئەنجامی ڕاگەیەندراو دڵخوازی ئێمە و ئێوە نەبوو، سەرەڕای بەدەستهێنانی نزیکەی 19 هەزار دەنگی ڕاگەیەندراو، ئەمەش هۆکارەکانی ڕوونە و هەموو هەڤاڵانی پارتیمان لە کەرکووک ڕاستییەکان دەزانن.
بە شانازی و سەربەرزییەوە ئەمڕۆ لێرەوە دەمەوێت، سوپاسی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە و ئاساییش و هێزەکانی ناوخۆ و هەموو کەرکووکییەکان بکەم كە متمانەیان بە ئێمە بەخشی. هەرچەندە دڵخۆش بووین، کە پارتیمان توانی ڕیکۆردی بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام دڵگرانیشین بەهۆی کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد و پارتی لە کەرکووک.
هۆکاری کەمبوونەوەی کورسی کورد لە کەرکووک، بەهۆی ناڕێکخراوی و دروستکردنی ئاستەنگ بوو لە گەڕانەوەی کەرکووکییەکانی دانیشتووی هەولێر و بنەسڵاوە و دارتوو و ناوچەکانی دیکە، هەروەها نەکردنە بنەمای ئاماری ساڵی 1957 کە ڕێژەیەکی زۆر لە عەرەبی هاوردە مافی دەنگدانیان پێدراوە لەسەر بازنەی کەرکووک.
ئێمە لە ڕوانگەی باوەڕیمان بە پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن و ڕکابەری لەسەر بنەمای ئەخلاقی بەرزی حزبی و کوردەواری و کەرکووکییانە، خۆمان کاندید کرد و هەمووان شایەتی ئەوە دەدەن، چۆن خزمەتی خەڵکی خۆمان کرد و مێژوومان تۆمارکرد و ڕیکۆردێکی نوێمان لە ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە کەرکووک بەدەستهێنا و ئەمەش سەربەرزییەکە بۆ هەموو هەڤاڵانی پارتیمان.
کەرکووکییەکان بەتایبەتیش، ئەو دەنگدەرانەی متمانەیان بە پارتیمان بەخشیوە، دەزانن کە شارەکەیان پێویستی بە نوێنەرێکی ڕاستەقینە هەیە بەرگری لە مافەکانیان بکات و ڕاستگۆ بێت لەگەڵیان، دۆخی کەرکووک پێویستی بە کەسێکە کوردانە لە مەیدان بێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاڵا و ناسنامە و زمان و خاکەکەی بکات. ئەمەش تەنها بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە دەکرێت و لە خەم و ئازاری خەڵکەکەی تێ بگات و لەگەڵیان ژیا بێت، نەک بە درۆ و موزایەدە مامەڵە بکات و تەنها لەکاتی هەڵبژاردندا، ئەوانی بیربێتەوە و دەرگایان بۆ بکاتەوە.
بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئێمە دەزانین خۆشەویستی و دڵسۆزی خەڵکی خۆمان زۆر لەوە زیاتر و گەورەترە. بۆیە پەیامی من بۆ هەمووان ئەوەیە: لەناخی دڵمەوە زۆر سوپاستان دەکەم، ئێوە منتان قەرزاربار کرد و وەفاتان بۆ بنەماڵەی فەرماندەی پێشمەرگە نەجم کەرکووکی دووپات کردەوە.
بەڵێنیش دەدەم، هەروەک چۆن پێشتر پێکەوە بووین، هەر بەوشێوەیە لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوە دەبین و دەرگاشمان هەمیشە کراوە دەبێت بە ڕووی هەموو کەرکووکییەک و هەموو هەڤاڵێکی پارتی، ئێمە لە خزمەتکردن ناوەستین و بەردەوام دەبین لەپێناو کەرکووک، چونکە تاکە ئامانجی من خزمەتکردن بوو نەک هیچ پلە و پۆستێک.
جارێکی دیکە سوپاس بۆ هەموو کەرکووکییەکان و هەڤاڵانی پارتیمان، داواشتان لێ دەکەم هێمن بن و دان بەخۆتاندا بگرن، دڵنیابن ڕۆژێک دێت ئەو کەسەی دەتانەوێت خزمەتتان بکات، دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ئێوە و هەموو کەرکووکییەکان.
براتان
شاهۆ نەجم کەرکووکی