ئەمریکا بایی 100 ملیۆن دۆلار سیستمی پەیوەندی سەربازیی بە عێراق دەفرۆشێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستمی پەیوەندییە سەربازییەکان بە عێراق داوە
بەمەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازی و توانای فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، ئەمریکا سیستمی پەیوەندییە سەربازییەکان بە عێراق دەفرۆشێت.
ئاژانسی ھاوکاریی ئاسایشی بەرگریی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (DSCA) ڕایگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی سیستمی پەیوەندی و ڕادیۆ بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار بە عێراق داوە.
ئەو شتانەی کە ئەمریکا بە عێراقی دەفرۆشێت بریتییە لە سیستمەکانی وێستگەی ڕادیۆیی و سیستمی دووبارەکەرەوەی ڕادیۆیی، مەشقی تەکنیکی و لۆگیستیکی و هەندێک بابەتی دیکەی پەیوەست بە ژێرخانی سەربازیی.
ئەم فرۆشتنەی ئەمریکا بە عێراق، توانای عێراق بۆ بەرگری کردن لە سنوورەکانی خۆی، ژێرخانی وزە، دانیشتووان و خواستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زیاد دەکات بەبێ ئەوی ببێتە هەڕەشە یان ناسەقامگیری لەسەر وڵاتانی دراوسێ دروست بکات.