لە عێراق سامانی ئاژەڵ کەمی کردووە و نرخی گۆشت گرانتر بووە
گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بێ ئاوی لە عێراق بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ
گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بێ ئاوی لە عێراق بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ و لەبەرامبەردا نرخی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی 25٪ تا 40٪ گرانتر کردووە.
تادێت لێکەوتەکانی بێ ئاوی و کەم ئاوی لە عێراق زیاتر دەردەکەون و زیانی زۆرتر بە خەڵک و دانیشتووانی پارێزگاکانی خوارەوەی عێراق دەگەیەنێت، جیا لەمەش زیانی زۆر بەر بەشی کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و بەتایبەتیش سامانی ئاژەڵ لەم وڵاتە دەکەوێت.
ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگاکانی موسەننا و زیقاڕ و میسان زۆرترین سامانی ئاژەڵ لەدەستدراوە، هاوکات بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقەوە، دەرکەوتووە کەمئاوی و کەمی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێی عێراقەوە بووەتە هۆی وشکبوونەوەی زۆنگاوەکان لە پارێزگای زیقاڕ و موسەننا و بەسڕە.
ڕۆژنامەکە لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، زۆرترین زیان بەر سامانی ئاژەڵ دەکەوێت و بەڕێژەی %70 کەمدەکات، بەهۆی کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ، نرخی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان %25 بۆ %40 زیادیکردووە.
لەدەستدانی سامانی ماسی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق کە یەکێك بووە لە سامانە گەورەکانی وڵات، لە پلەی دووەمدا دێت لە زیانەکان، ، بەڕێژەی 60%کەمیکردووە، هۆکارەکەش کەمئاوی و وشکبوونەوەی رووبار و رووبەرە ئاوییەکانە.