ترەمپ کۆتایی بە درێژترین ماوەی پەکخستنی حکومەت هێنا
دوای 43 ڕۆژ لە پەکخستنی حکومەتی ئەمریکا و وەستاندنی کارەکانی وەزارەتەکان، دووبارە حکومەت کارا کرایەوە
سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی واژۆکردنی پڕۆژە یاساییەک، کۆتایی بە پەکخستنی 43 ڕۆژەی حکومەتی وڵاتەکە هێنا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێگەی وۆڵ ستریت جۆرنەل بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژە یاسای دابینکردنی بودجەی فیدراڵی کرد، کە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران پێشنیار کرابوو و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کرابوو و نێردرابوویەوە سەر مێزی ترەمپ.
ئەم ڕێکەوتنە بڕیارەکانی ترەمپ لە مانگی ڕابردوودا پێچەوانە دەکاتەوە بۆ دەرکردنی هەزاران کارمەندی فیدراڵی و گەرەنتی درێژکردنەوەی یارمەتییەکانی چاودێری تەندروستی دەکات کە بڕیار بوو لە کۆتایی ئەمساڵدا نەمێنێت، هاوکات بە گوتەی یاسادانەران، پڕۆژە یاساکە پارەی بەرنامەی هاوکاری خۆراکی SNAP دەگەڕێنێتەوە، کە پشتگیری زیاتر لە 42 ملیۆن ئەمەریکی کەم داهات دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، 43 ڕۆژ لەمەوبەر حکومەتی ئەمریکا، دوای ئەوەی یاسادانەران و دۆناڵد ترەمپ، لە میانی دانوستانەکان لەسەر داواکارییەکانی دیموکراتەکان بۆ دابینکردنی پارەی چاودێری تەندروستیی، نەیانتوانی بنبەستی بودجە بشکێنن، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی کارەکان لە زۆرێک لە وەزارەت و دەزگا فیدراڵییەکان و کاریگەری لەسەر سەدان هەزار کارمەندی حکومەت جێهێشت.
داخستنی حکومەت بریتییە لە داخستنی بەشەکی یان تەواوەتی چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە کۆنگرێس شکستی دەهێنێت لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانی حکومەت، هۆکاری ئەمەش ناکۆکی سیاسی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکانە لەسەر بڕگەکانی بودجە.
هاوکات ئەمە درێژترین داخستنی حکومەتە کە لە مێژووی ئەمریکادا ڕوویدا بێت و پێشووتر لە ساڵی 2018 داخستنێکی 35 ڕۆژەیی ڕوویدا.