ئێران تا 10 ڕۆژی دیکە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
سوپای پاسدارانی ئێران وادەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ئاشکرا کرد
دەنگۆی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە خەریکە تۆختر دەبێتەوە و میدیایەکی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بانگەشەی ئەوە دەکات، کە تا 10 ڕۆژی دیکە چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنن.
لەکاتێکدا کە مشتومڕە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەستڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ئەتۆمی گەرمە و ئەمریکا و ئەوروپا لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران پاشەکشەیان کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران لەڕێگەی میدیایەکەیەوە باس لەوە دەکات، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبنە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی 'دەیلی ئێران نیوز' بڵاویکردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لەماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا دەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەستڕاگەیشتنی ئێرانیان بە چەکی ئەتۆمی پشتڕاست نەکردووەتەوە، هاوکات ڕووسیا و چین کە بە نزیکترین وڵاتان لەڕووی تەکنەلۆژیای ئەتۆمییەوە لەگەڵ ئێران ناودەبرێن، هیچ زانیارییەکەی فەرمییان لەمبارەیەوە ئاشكرا نەکردووە.
شارەزایان و شرۆڤەکارانی کاروباری سیاسی و ستراتیژیی ئێران پێیان وایە، ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ داڕمان و ڕووخانی بنەڕەتیی ئابووریی ئێران و هەوڵێکی میدیاییە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازیی ئێران بێدەنگ بکرێن و وا نیشان بدرێت کە ئێران تواناکانی زیاتر لەوەن کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە.