پایتەخت

مەسرور بارزانی: هیوادارم بە ئەمانەتەوە ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت

مەسرور بارزانی: هیوادارم بە ئەمانەتەوە ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت
کورتە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامی خۆی دوای کۆتایی هاتنی وادەی دەنگدان بڵاوکردەوە

دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هات و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەم و سوپاسییان دەکەم کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد و ماف و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و نوێنەرەکانیان هەڵبژارد، هەروەها سوپاسی کۆمسیۆنیی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. دەستخۆشی لە هەموو بریکار و چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی دەکەم بۆ هاوکاری و چاودێریکردنی 
پرۆسەکە.

هیوادارم بە ئەمانەتەوە، ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت. هەروەها ئەو نوێنەرانەی متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنن ، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراق بکەن.

ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراقی فیدراڵ و دیموکرات بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەست پێ بکات و ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/11/11

11 تشرینی دووەم 2025 18:12
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025