20 کادیری یەکێتی لە سلێمانی هێرشیان کردە سەر ئەم ئافرەتە
لە ڕۆژی دەنگدان کادیرانی یەکێتی هیرشیان کردە سەر ئافرەتێکی لایەنگری پارتی
دەنگدەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەلایەن چەند کادیر و ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە هێرشی کرایە سەر.
ئەمڕۆ سێشەممە ئافرەتێکی دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بەناوی ئەڵماس ئەحمەد بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا چووم دەنگ بدەم نزیکەی کاتژمێر 10:00ی بەیانی بوو، لەگەڵ دایکم بە ئۆتۆمبێل چووین بۆ دەنگدان، دوای دەنگدان و لە کاتی گەڕانەوەماندا لە بەردەم قوتابخانەکە، کە بنکەی دەنگدان بوو، ژمارەیەک کەس کە دواتر دەرکەوت کادری یەکێتین، ڕێگریان لێکردین.
ئەڵماس ئەحمەد زیاتر ڕوونی کردەوە و ڕایگەیاند، یەکێک لەو کەسانە، کە خۆی بە موختار ناساند لێی پرسیم، بۆچی بانگەشە دەکەن، وەڵامم داوە کە تەنیا بۆ دەنگدان هاتووین و بانگەشە ناکەین، دواتر دەمەقاڵێ لە نێوانماندا دروست بوو و یەکێک لەوان گوتی تۆ حەقت چییە و قسەی ناشرینی پێگوتم، منیش هەوڵمدا بە مۆبایلەکەم ڤیدیۆی ڕووداوەکە بگرم، بەڵام هێرشیان کردمە سەر و مۆبایلەکەیان لێسەندم.
ئەو دەنگدەرەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بریندار بووە و شوێنەواری لێدان بە دەموچاویەوە دیارە، هەروەها، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە و داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.
ئەڵماس جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کەسانە بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ حزبەکەی خۆیان کردووە و فشار خستنە سەر دەنگدەرانی دیکە.